ھەمیشە ئەبێ لەم جەنگەلستانە خەفەت بخوین ، چونكە تائێستا لەم لادێ یە دا كەس لەمانایی ئەودیوی وشەكانمان ناگات ، لەلایان ناوھێنان تاوانێكە بەلام ھەمو كردەكانی پشت ئەو تاوانە شەرەفێكی گەورەیی ناسیونالیزمە.
كاتێك كە دەلێین نا ھەمیشە لەم وەلاتەیا خوایێك ھەیە پێمان دەلێ ئەی كافر ئەتكوژم ،
لەم شێتخانەیا من ھەمیشە خەفەت بو ئازار ناخوم، بەلام خەفەتی گەورەیی من خەفەتی ئەو بەختەوەریەیە كە لەدوایی خویا ئازار ئەھێنێ...
من پالەوانی فلمە ھندیەكان نیم ، جەستەیێكی رووت و قوتی لاوازم ھەیە ھەر كەس ئەتوانێ لەناوی ببا ، ئەوانەیی دەیانەوێ لەناویان بەن با بفەرمون ، ئەوانەیی ھەمیشە مافی ئەوەمان پێنادەن جگارەیێكیش بیكێشین بو ئەوەیی ئازارەكانمان لەبیر بكەین با بفەرمون ، ئەتوانن من لەم شەمەندەفرە دا فرێ دەنە خوارێ .
لێرە ، ھەركەدەست مان كرد بە وتنی قسەیی ناو دلی خومان ناو عەقلی خومان كەسێك ھەیە بمان كوژێ ، كەسێك ھەیە سادەیی ئێمە بەناوی سنوربەزاندنەوە بكات بەتاوان، ئەھریمەنێك ھەیە دەچێتە ناو روحی باوكت و ئەو دەتكوژێت، دەچێتە ناو روحی دایكت و ئەو ھیلاكت دەكات، دەچێتە ناو روحی دەزگیرانەكەت و ئەو تیرورت ئەكات.
ئەمە جێگایێكە خودا وا دروستی نەكردوە ، بەلكو لادێیێكی فەراموش كراوی دەستی خودا بوو ، بو ئەوە دروست كردبوو كە بونەوەرەكانی فێر بكات ، چون لادێ دروست بكات ، چون دلرەقانە تەماشایی وەرینی گەلایێكی درەخت بكات ، چون بەشانازیەوە مروڤ بیكوژێت.
من لە جنسی ئەم لادێیە نیم ، من عاشقی كچەكەیی وەلاتم ، كە ھەمیشە لە چاوەروانیام ناو بە ناوێك بێت و تیرورم بكات.
زانا واحد

ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق